هونه‌رمه‌ند که‌ژاڵ ئاده‌می ساڵی1983 له شاری سه‌قز له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بوو. هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه هه‌ستی بۆ شیعر‌و مۆسیقا بو. له ته‌مه‌نی 8 ساڵاندا ده‌ستی به خوێندنه‌وه‌ی شیعری كوردی كرد‌و خوێندن و نوسینی كوردی له شیعره‌كانی مامۆستا قانع فێر بو. زۆر جار شیعره‌كانی ماموستا قانعی ئه‌كرد به گۆرانی و هه‌ستی پاك‌و ناسكی مناڵانه‌ی خۆی پێ ده‌رئه‌بڕی.
ساڵی 1998 ڕه‌وانه‌ی هه‌نده‌ران بوو له وڵاتی سوید نیشته‌جێ بو. له ته‌مه‌نی 15 ساڵاندا ده‌ستی به ژه‌ندنی ئامێری كه‌مان (ویۆلۆن) كرد‌و له مه‌كته‌بی مۆسیقای "سه‌با" ده‌ستی به خوێندنی تێئۆری موزیك كرد.
كه‌ژاڵ له پاڵ مۆسیقادا خه‌ریكی شێعر نوسینیشه. كه‌ژاڵ بۆ خۆی ده‌ڵێ شیعر نزیكترین هاورێمه كه هه‌مو سكاڵا و ده‌رده‌دڵێكی لا ئه‌كه‌م. شێعره‌كانی كه‌ژاڵ له زبانی خۆیه‌وه وه‌ك ئافره‌تێك نوسراوه. گوێگر به بیستنی گۆرانیه‌كانی كه‌ژاڵ به باشی تێده‌گا كه ئه‌و شیعرانه نۆسراوه‌ی ئافره‌تێكن و ئه‌وین و ئازار و هاوار و ئاواتی ژنێك تێیاندا خۆ ئه‌نوێنێ.
به‌رهه‌می جوانترین وشه یه‌كه‌مین به‌رهه‌می كه‌ژاڵه. ساڵی 2006 ده‌رچوه و له 6 گۆرانی پێك هاتوه. مامۆستا عه‌لی شه‌كوری دانه‌ری ئاوازه‌كانه و گۆرانیه‌كان هۆنراوه‌ی كه‌ژاڵن
كه‌ژاڵ هه‌ستی خۆی بۆ شیعر‌و مۆسیقا به‌م وشانه ده‌رئه‌بڕێ :
" مۆسیقا هاژه‌ی دڵی پڕ هه‌سته و شیعر زایه‌ڵه‌ی هه‌ستێكی به‌سۆز. كاتێ كه پشكۆی شیعر‌و مۆسیقا پێكه‌وه ئه‌كه‌ونه گڕ گرتن، ئه‌و كاته‌یه كه جوانترین وشه‌كان له باوشی به‌تینی گۆرانیێكدا خۆیان ئه‌نوێنن. به‌رهه‌مه‌كانم پێشكه‌شی هه‌مو ئه‌و دڵانه‌ی ئه‌كه‌م كه بۆ ئازادی، بۆ عه‌شق و بۆ ئینسانیه‌ت لێ ئه‌ده‌ن. جوانترین وشه‌م پێشكه‌ش ئه‌که‌م به‌و هونه‌رمه‌ندانه و مامۆستایانه‌ی وا هونه‌رو مۆسیقا لایان به‌ڕێزه و بۆ په‌ره‌پێدانی تێ ئه‌كۆشن."

سازدانی: جه‌ماڵ نه‌جاری
یه‌که‌م جاره سه‌ردانی کوردستان ده‌که‌ی، کوردستانت چۆن بینی؟
سه‌ردانێکی خۆشم بوو بۆ کوردستان، خه‌ڵکێکی گه‌رم و گوڕم بینی ، کاتێ بینم هه‌موو که‌س به کوردی قسه ده‌که‌ن و گشت تابلۆکان به کوردی نووسراون، هه‌مووی جێی دڵ خۆشییه و من خۆشه‌ویستییه‌کی زۆرم له خه‌لکه‌که‌م بینیوه له‌م چه‌ند رۆژه‌ی که له کوردستان بووم، به راستی جێی خۆشحاڵییه، مه‌به‌ستیشم له سه‌ردانه‌کم ئه‌وه بوو که بۆ یه‌که‌م جار باشوووری کوردستان ببینم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی من له کوردستاندا ده‌ژین، شێوه‌ی ژیانیان و شێوه‌ی بیر و بۆچوونه‌کان و شێوازی کاره هونه‌رییه‌کان له نزیکه‌وه ببینم و ئه‌وه بکه‌م به هه‌وێنی ئه‌وه‌ی که به‌هه‌مه‌کانی داهاتووم جوانتر بێت، نزیکتر بێت له واقعیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌که‌م.
وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک چۆن ده‌روانییه ئه‌و ئاوادانییه‌ی که له کوردستان به‌دی ده‌کرێت؟ ئایا لای خۆت مه‌زه‌نده ئه‌وه‌ت ده‌کرد کوردستان به‌مشیوه‌یه ئاوه‌دان ببووبێته‌وه؟
من پێشتر شاره‌کانی کوردستانم نه‌بینیوه تا له گه‌ڵ ئێستا دا به‌راوردی بکه‌م، به‌ڵام له مێشکی خۆمدا به راستی وام دانه‌نا که کوردستان به‌م خێراییه ئاوه‌دان بۆته‌وه، زۆر جێی دڵخۆشییه، ئاوه‌دانییه‌کی به‌رچاو له کوردستان ده‌بیندرێ، بینای نوێ و مودێرن له هه‌ولێر دروست کراوه، زۆرتره له وه‌ی من چاوه‌ڕوانیم ده‌کرد.
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان به کاری هونه‌ری له‌وانه کۆمپانیای چوارچرا چۆن پێشوازیان له خۆت و کاره هونه‌رێیه‌کانت کرد؟
به داخه‌وه من له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له په‌یوه‌ندیدا نه‌بووم به‌ڵام په‌یوه‌ندیم به کۆمپانیای چوارچراوه کرد و پێم راگه‌یاندن که ده‌مه‌وێ کلیپ دروست که‌م بۆ به‌رهه‌مه‌کانم، داوام لێکردن که‌سانێکم پێ بناسێنن که ئه‌م ئیشه ده‌که‌ن و ئه‌وان که‌سانێکی باشیان پێ ناساندم که له بواری کلیپ دا کار ده‌که‌ن، خۆم له پشت کاری کلیپه‌کانمم و ئه‌وان له هیچ کۆششێک دریغیان نه‌کردووه و زۆر سوپاسیان ده‌که‌م.
ئایا ئه‌و گۆرانییانه‌ی کاری کلیپت بۆ کردوون گۆرانی نوێن یان کۆنن؟
گۆرانییه‌کان نوێن و من به‌رهه‌مێکی نوێم ئاماده کردووه که بریاره له مانگی داهاتوو دا بڵاوی بکه‌مه‌وه، به ناوی "وڵاتی عه‌شق" که له 7 گۆرانی پێکهاتووه، هه‌ندێ له گۆرانییه‌کان شیعری خۆمن دوو شاعیری میوانم هه‌یه له‌م ئاڵبۆمه‌دا که یه‌کیان شاعیری گه‌وره‌ی ئێران خاتوو فرووغ فه‌روخزاده که دهوو شیعریم به‌کار هێناو که د. ناسح قه‌ره‌داخی و به‌رێز سوله‌یمان چیره ناسراو به هێرش کردوویانه‌ته کوردی، هه‌روه‌ها شێعرێکی کاوه حسێن که شاعیرێکی باشوری کوردستانه له ئاڵبۆمه نوێیه‌که‌مدا که‌ڵکم لێوه‌رگرتووه.

وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی لاو که له بواری هونه‌ری گۆرانیدا خه‌ریکی چالاکی، ئاستی هونه‌ری کوردستان له باشوری کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی، به تایبه‌تی کاری هونه‌رمه‌نده لاوه‌کان؟
من و هه‌موو هونه‌رمه‌نده لاوه‌کان به قۆناغێکیی خۆتاقیکردنه‌وه‌دا تێپه‌ر ده‌بین، من پێم وایه هێشتا پێناسه‌یه‌کی رۆنمان بۆ مۆسیقای خۆمان نییه، پێمان خۆشه نوێخوازی بکه‌ین له به‌رهه‌مه‌کانماندا، به‌ڵام هێشتا له مانای نویخوازی نه‌گه‌یشتووین، له سه‌ره‌تا دا من پێم وایه ده‌بێ مۆسیقای ره‌سه‌نی خۆمان به باشی بناسین و زانیاریمان هه‌بێ له سه‌ری و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به که‌ڵک وه‌رگرتن له مۆسیقای وڵاتانی‌تر به‌ڵام له چوارچیوه‌ی مۆسیقای کوردی کاری نوێ بکه‌ین، ئه‌وه‌ش دووباره ده‌که‌مه‌وه که لاسایی کردنه‌وه و نوێخوازی جیاوازه و هیوادارم زیاتر گرنگی به خاڵی نوێخوازی بدرێت، بۆ به‌ره‌و پێشچوونی ئاستی مۆسیقا پێویسته ههونه‌رمه‌ند ئه‌م قۆناغانه دا تێپه‌ڕ بێت و خۆی تاقی بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگا به‌وه‌ی مه‌به‌ستێتی.
وه‌ک ژنێکی هونه‌رمه‌ند چۆن ده‌روانییه ئه‌و کلیپانه‌ی به شیوه‌ی ناشارستانیانه که‌ڵک له جه‌سته‌ی ئافره‌ت وه‌رده‌گرن؟
من ئه‌و کلیپانه به کلیپی باش نازانم چونکه جه‌خت ده‌خه‌نه سه‌ر لایه‌نی سێکسوالێته‌ی واته جنس و ره‌گه‌زه‌که‌ی، من پێم وایه ئێستا له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که ده‌بێ هه‌ندێ قوڵتر بیر بکه‌ینه‌وه، به هه‌سته‌کانمان به شیوازی کلیپه‌کانمان، ده‌بێ ئاستی ژن له ناو کلیپدا به‌رز رابگیردرێت، پێویسته له‌م سه‌رده‌مه‌دا تیشک بخرێته سه‌ر که‌سایه‌تی ژنان له هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌گه‌دا، هه‌وه‌ها له کاری کلیپیشدا وه‌ک به‌شێک له چالاکییه هونه‌رییه‌کانمان.

تۆ هه‌وڵت داوه چ لایه‌نێک له ناو کلیپه‌کانتدا به‌رجه‌سته بکه‌یت؟
پێم خۆش بووه که عه‌شق و خۆشه‌ویستی له کاره هونه‌رییه‌کانمدا به‌رجه‌سته بکه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که گۆرانییه‌که‌م له‌سه‌ر چ وارێک بووه، هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌م بواره‌دا ئیش بکه‌م، دوو کلیپی نوێم به‌ده‌سته‌وه‌یه که لێره‌دا نایدرکینم له‌سه‌ر چ بوارێکه و هیوادارم سه‌رکه‌وتوو بووبێتم له‌م دوو کاره‌دا.
به نیاز نیت کۆنسێرتێک له کوردستان ساز بده‌یت؟
ئه‌مجاره به نیازی کۆنسێرت کردن نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه کوردستان، هه‌میئشه یه‌کیک له گه‌وره‌ترین ئاواته‌کانم ئه‌وه بووه که له ئامێزی گه‌له‌که‌مدا گۆرانی بڵێم جا هیوادارم ئه‌و هه‌له‌م له داهاتوودا بۆ بره‌خسێ و بتوانم کۆنسێرتێک بکه‌م.
کێ هانیدای بۆ ئه‌وه‌ی بێیته ناو بواری هونه‌ری گۆرانی؟
سه‌ره‌تا هه‌ست و ئه‌وینی خۆم بۆ هونه‌ر و شیعر و مۆسیقا دواتر پاڵپشتی بنه‌ماڵه‌که‌م به اتیبه‌تی باوکی ئازیزم که هه‌میشه یارمه‌تیده‌ر و هاوکارم بووه بۆ کاره‌کانم و هه‌رده‌م سوپاسیان ده‌که‌م که پاڵپشتم بوون له کاره‌کانمدا.
ڕێژه ی دیتن :746